وتارخوێنی نوێژی هەینیی تاران لە پەیامێکی تونددا بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامی ڕای گەیاند، ئەگەر بیانوێت زیان بە سیستمی وڵاتەکەیان بگەیەنن، ئەوا ژیانیان لێ دەکەنە دۆزەخ و "تاریکستانی ڕەش".
ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەم، ئەحمەد خاتەمی وتارخوێنی نوێژی هەینی لە تاران، لە میانی وتارەکەیدا ڕای گەیاند، ئێران هەر ئەو ئێرانە بەهێزەیە کە تەلئەبیب و حەیفای کردە شاری تارماییەکان، قورئانی پیرۆزیش فەرمانی پێ کردووین لە بەرانبەر دوژمن ئامادە بین، بۆ ئەوەی وەڵامەکەمان تەنانەت یەک خولەکیش لە کاتی هێرشدا دوا نەکەوێت.
خاتەمی ئاماژەی بەوە دا، "ترسنۆکە نێودەوڵەتییەکان" دەیانەوێت ئێران لە مووشەکەکانی دابماڵن، لەکاتێکدا ئێران خاوەنی هێزی مووشەکییە و زیاتریشی هەیە.
ئەو بەرپرسەی ئێران هەڕەشەی کرد و گوتی "بە دوژمنانی ئێران دەڵێین، ئەگەر ویستتان زیان بەم رژێمە بگەیەنن، ئەوا ژیانتان لێ تێک دەدەین و دەیکەینە تاریکستانی ڕەش".
وتارخوێنی تاران دووپاتی کردەوە کە دوژمن لە ئیسلام دەترسێت و نایەوێت ئێرانی ئیسلامی بمێنێت و هەوڵی ڕووخانی دەدات، بۆیە تاکە ڕێگە پێڕەوكردنی فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە کە دەڵێت، دەبێت ئێران بەهێز بێت، چونکە ئێرانی بەهێز بە یارمەتیی خودا دوژمنان ئیفلیج دەکات.
ئەم قسانەی وتارخوێنی تاران دوای ئەوە هات، بەرپرسێكی ئیسرائیلی پێشووتر رای گەیاند بوو، هێرش بكەینە سەر ئێران، كەس لێی قورتار نابێت.