لەوكاتەی راپۆرتەكان باسی ئەگەری هێرشێكی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەن، بەتایبەتی لە دوای سەردانەكەی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ فلۆریدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و هەوڵی وەرگرتنی گڵۆپی سەوز، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە شەڕێكی فرەواندایە لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەوروپا.
پزیشكیان لە لێدوانێك بۆ پێگەی ئەلیكترۆنیی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران گوتی، پێم وایە ئێمە لە شەڕێكی فرەوانداین لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەوروپا، ئەوان نایانەوێ ئێران سەقامگیر و ئارام بێت و لەسەر پێیەكانی بوەستێت.
روونی كردەوە، ئەو هەڵوێستە دوژمانەیان نوێ نییە و لە ماوەی هێرشەكەی دواییان بۆ سەر ئێران پەرەی سەند، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی دەتوانێت بە بەهێزی سزا و گوشارەكان تێپەڕ بكات و بۆ ئەوەش یەكێتی گەلی ئێران بنەمای خۆراگرییە، دووپاتی كردەوە كە ئێستە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ماوەی پێشتر بەر لە هێرشەكە بەهێزترە، ئەوە سەرەڕای كێشە و كۆتە سەپێنراوەكان، پزیشكیان وریایی دا لە حاڵەتی هەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێكی توندیان دەبێت و رای گەیاند كە یەكپارچەیی كۆمەڵگەی ئێران پیلانی دوژمنەكان بەتەواوەتی پووچەڵ دەكاتەوە.