ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس رێككەوتنێكی هاریكاریی سەربازی واژوو دەكەن

:: PM:09:42:28/12/2025 ‌

رەنگە زیاتر نەیاری بۆ توركیا كۆیان بكاتەوە، ئەمڕۆ یەكشەم ئیسرائیل رای گەیاند كە لە ماوەی دوایی پلانێكی هاریكاریی سەربازیی سێقۆڵی لە نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس بۆ ساڵی 2026 واژوو كراوە، كە مەشق و مانۆری هاوبەشی سەربازی و چالاكی تریش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەی "جیۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی راگەیاند، هەفتەی رابردوو لە قوبرس رێككەوتن لەسەر پلانێكی كاری سێقۆڵیی سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس بۆ ساڵی 2026 كراوە، شاندی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی عەمید ئامیت ئادلەر سەرۆكی هۆبەی هاریكاری دەرەوە لە سوپای ئیسرائیل بوو و هەفتەی رابردوو لە قوبرس چاوی بە هاوتا یۆنانی و قوبرسییەكەی كەوت.

پلانەكە مەشق و مانۆری سەربازیی هاوبەش و پێكهێنانی گرووپی كار لە بوارە جیاجیاكان دەگرێتەوە، لەپاڵ گفتوگۆی ستراتیجیی سەربازی لەبارەی بابەتە هاوبەشەكانی گرنگ لای هەرسێ لا، واژووكردنی پلانەكە وەك قووڵكردنەوەی هاریكاری سەربازییە لە نێوانیان و دەبێتە مایەی بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی، بەپێی رۆژنامەكە مەبەستی پلانەكە بەرپەرچدانەوەی جموجۆڵە سەربازییەكانی توركیایە لە ناوچەكە.

بەپێی پێگەی هەواڵیی "تانایا"ی یۆنانی، هەرسێ وڵات تاوتوێی پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی 2500 ئەندامیان كردووە، واتە هەزار سەرباز لە ئیسرائیل و هەزار لە یۆنان و 500 لە قوبرس، وەك هێزێكی وەڵامدانەوەی خێرا و لەكاتی تەنگژەكان بێتە بڵاوكردنەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل