ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە رژدی بەدوای وەستانی شەڕی ئۆكراینایە، ئەو شەڕەی بە هێرشی رووسیا بۆ سەر خاكی ئەو وڵاتە لە 2022 دەستی پێ كرد و هێشتا بەردەوامە و تا دێت سەختتر دەبێت، سەرۆكی ئۆكراینا رای گەیاند كە ئەمەریكا گەرەنتی تەناهی بۆ ماوەی 15 ساڵ بۆ وڵاتەكەی پێشنیاز كردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتی پێشوازیكردنی لە ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە فلۆریدا گوتی، ئۆكراینا و رووسیا لەهەر كاتێكی پێش ئێستە لە گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە نزیكترن، زیلینسكی لەوبارەوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، بێ بوونی گەرەنتیی تەناهی ئەو شەڕە كۆتایی نایەت.
روونی كردەوە، ئەمەریكا دەیەوێت گەرەنتیی تەناهی بۆ پاراستنی ئۆكراینا بۆ 15 ساڵ پێشكەش بكات، لە چوارچێوەی لانە پێشنیازكراوەكەی بۆ ئاشتی، بەڵام ئێمە پێمان باشە ئەو ماوەیە بكرێتە 50 ساڵ بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئۆكراینا.
تا ئێستە ناوەڕۆك و وردەكاریی پلانەكەی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ئۆكرانیا رانەگەندراوە، بەڵام زیلینسكی دەڵێت، میكانیزمی چاودێریكردنی هەر رێككەوتنێكی ئاشتی دەگرێتەوە، جیا لە بوونی هێزی هاوبەشان لەسەر خاكی ئۆكراینا، لەوكاتەی رووسیا رەتی كردەوە هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر خاكی ئۆكرانیا بڵاو بكرێتەوە.