خەریكە گوشارە ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ئەنجامە چاوەڕوانراكراوەكانی دەردەكەوێت، ئەو گوشارانەی بوونە هۆی داتەپینی بەهای تمەنی ئێران و گەیشتنی بۆ نزمترین ئاست بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی، ئەوەش دواجار وای كرد خەڵك بڕژێتە سەر شەقامەكانی تاران و هاواریان لێ هەڵبستێت.
میدیاكانی ئێران باسی ئەوەیان كرد كە دووەم رۆژە لەسەر یەك لە تاران بازرگان و خاوەن دوكانەكان هاتوونەتە سەر شەقام و ناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی خراپی ئابووری و دابەزینی پێوانەیی نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلار دەردەبڕن، لە تۆمارە ڤیدیۆییەكان دیارە سەتان كەس لە نزیك بازاڕی سەرەكیی تاران، كە ناوەندێكی بازرگانیی مێژووییە و لە رووداوەكانی شۆڕشی 1979ی ئێران رۆڵێكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەبووە، دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كردووە.
خۆپێشاندەران دروشمی رەخنەئامێز بۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دەڵێنەوە، هەندێك لە بازرگانان دوكانەكانیان داخست و داوا لەوانیتر دەكەن ئەوانیش دایبخەن، هاوكات ژمارەیەك كۆمپانیا و بازرگان بە شێوەیەكی كاتی چالاكییان وەستاندووە، هەر بەو هۆكارەوە میدیایەكی ئێرانی باسی ئەوە دەكات كە محەمەدرەزا فەرزین پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران دەستی لە كار كێشاوەتەوە و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران خەریكی تاوتوێكردنی داواكەیەتی.
ئەو دابەزینە پێوانەییەی بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار وای كردووە رێژەی هەڵاوسان زیاتر بێت، لە رێگەی گرانبوونی نرخی كاڵا هاوردەكراوەكان و خەرجی و بژێوی رۆژانەی تاكەكان، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانیی خەڵكەكە و بازرگانان، باسی ئەوەش دەكرێت هەر گۆڕانكارییەكیی نوێ بەسەر نرخی بەنزین، دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز دەكات و بارگرانیی بەكارهێنەران قورستر دەكات.