ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كرد، ترەمپ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی باسی چەند پرسێكی گرنگی كرد، لەوانە ئێران و كەرتی غەزە و سووریا و شەڕی ئۆكراینا و هیتریش.
سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، هیوادارین بەخێرایی بگەینە جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە، لەگەڵ نەتنیاهۆ باسی رۆڵی توركیا لەو هێزە نێودەوڵەتییەت دەكەم كە بڕیارە لەوێ پێك بهێنرێت، دووپاتی كردەوە كە پێنج بابەتی سەرەكی هەن لەگەڵ نەتنیاهۆ باسیان دەكەم، پێویستە بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە بەخێرایی چەكی حەماس دابماڵرێت.
لەبارەی ئێرانەوە ترەمپ گوتی، گوێیبیستی ئەوە دەبم كە ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانی دەدات، ئەگەر ئەوە بكەن جارێكی تر هێرشیان دەكەینە سەر، دووپاتی كردەوە كە ویستی ئێران بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی دانایانەترە لە هەوڵی بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمییەكانی، ئێران دەیتوانی بەر لە هێرشەكانی سەری رێككەوتنی بكردایە.
شایەنی باسە ئەو دیدارەی كە لە نێوان بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چاوەڕوان دەكرا، دەستی پێ كردووە، بەپێی راپۆرتەكان ئەوان باسی پلانەكانی داهاتوویان بۆ كەرتی غەزە و ئێران دەكەن، بەتایبەتی داماڵینی چەكی حەماس و سنووردانان بۆ بەرنامەی مووشەكیی بالیستیی ئێران.