ئەمڕۆ ئێوارە هەسەدە رای گەیاند كە چەند جارێك گرووپە توندڕۆكان هێرشیان كردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین لە دەشتی رۆژهەڵاتی حەلەب، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئۆتۆمبێلێكی ئەو گرووپانەیان تێك شكاندووە و زیانی گیانییان لێ داون.
وەك لە
بەیاننامەیەكی هەسەدە هاتووە، لە سەعات 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم، گرووپەكانی سوڵتان موراد و سوڵتان سلێمان شای ناسراو بە عەمشات و گرووپی حەمزات، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردە سەر ناوچەی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب، بەڵام هێزەكانیان زیانیان لێ نەكەوتووە.
روونی كردەوە، هەر ئەو گرووپانە لە سەعات 4:00ی ئێوارە دەوروبەری بەنداوەكەیان بە دوو درۆنی تر كردەوە ئامانج، ئەوانیش بێ زیان بوون، لە بەرانبەردا هەسەدە وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و ئەو گرووپانەی كردە ئامانج و ئۆتۆمبێلێكی ئەوانی تێكشكاند و خاڵێكی سەربازی كردنە ئامانج و بەو هۆیەوە زیانی پێ گەیاندن.
بەیاننامەكەی هەسەدە دووپاتی كردەوە كە هێرشی ئەو گرووپانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانیانە بۆ شێوانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و هەر هێرشێك بكەنە سەر ناوچەكە بەتوندی وەڵامیان دەدرێتەوە.