ئەترووشی: سیستمی یاسادانانی عێراق كۆنە و پێویستیی بە چاكسازییەكی زۆر هەیە

:: PM:09:09:30/12/2025 ‌

دوێنێ پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی شەشەم خولی ساز كرد و جیا لە سوێندی یاسایی ئەندامانی نوێ، سەرۆكی پەرلەمان و یەكەم جێگری هاتنە هەڵبژاردن، ئەمڕۆش دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی كوردە هەڵبژێردرا، فەرهاد ئەترووشی دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان رای گەیاند كە هیوادارن لێكگەیشتنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی ئەرێنی كار لە تەواوكردنی بەركەوتە دەستوورییەكانی داهاتوو بكەن، كە بریتین لە هەڵبژاردنی هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەتی عێراق.

ئەترووشی لە یەكەم لێدوانی دوای هەڵبژاردنی وەك دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، سیستمی یاسادانان لە عێراق كۆنە و پێویستیی بە چاكسازییەكی زۆر هەیە، بێجگە لەوەی ناكۆكیی سیاسی لەسەرە، یاساكان پێویستیان بە گۆڕانكاری و چاكسازی زۆر هەیە.

دووپاتی كردەوە، هیوادارین گۆڕانكاریی چاكسازانە بۆ یاسا و بڕیارەكان لە چوار ساڵی داهاتوو هەبێت، چونكە پەرلەمان سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و كڕۆكی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، ئەو هیواشی خواست كە لێكگەیشتنە سیاسییەكان بە ئەرێنی كار لە بەركەوتە دەستوورییەكانی داهاتوو بكەن، كە بریتین لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەتی عێراق.  

شایەنی باسە ئەمڕۆ سێشەم دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان، كە فەرهاد ئەترووشی لە پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستەكەی بەدەست هێنا، دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەركی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی رادەست كرا و بەر لە راگرتنی دانیشتنەكە تا 5ی كانوونی دووەمی 2026، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەرگەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار واڵا كرد.

بەپێی وادە دەستوورییەكان دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و یەكەم دانیشتن بەڕێوە بچێت، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رادەسپێرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل