حەلبووسی: كەموكوڕییەكانی كاری پەرلەمانی چارەسەر دەكەین

:: PM:09:46:30/12/2025 ‌

لە ماوەی ساڵانی رابردوو رەخنەیەكی زۆر لە كار و ئەدای پەرلەمانی عێراق هەبوو، بەوەی وەك پێویست بە كاری یاسادانان و چاودێری خۆی هەڵناستێت، یاساكان بە ویست و خواست تێپەڕ دەكرێن و بڕیاری سیاسی و تایفیان بەسەردا زاڵە، جیا لەوەی پەرلەمان بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و هیچ رۆڵێكی چاودێری بەسەر حكوومەت نییە، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە كەموكوڕییەكانی كاری پەرلەمانی چارەسەر دەكەن.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی شەشەم خولی ساز كرد و تیایدا ئەندامانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەمڕۆ دەستەكە دەستبەكار بوو، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی كردەوە كە چارەسەری هەموو كێشەكانی پێشووی كاری پەرلەمان دەكەن و سەرنج دەخەینە سەر ئەو یاسایانەی خزمەت بە عێراق و گەلەكەی دەگەیەنێت.

روونی كردەوە، ئەمڕۆ یەكەم بڕگەی وادە دەستوورییەكان جێبەجێ كرا كە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی، هەر ئەمڕۆ دەرگەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ماوەی سێ رۆژ بەپێی وادە دەستوورییە بەركارەكان واڵا كرا، سوپاسی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای داوەری دەكەین بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی وادە دەستووری و یاساییەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیان.

روونی كردەوە، بە هاوكاری لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان چارەسەری هەموو كەموكوڕییەكانی پێشوو دەكەین كە لە دوو ساڵی رابردوو لە تەمەنی حكوومەتی پێشوو روویان دا لە هەندێك كەموكەڕی و كەمتەرخەمی و نەبوونی رۆڵی چاودێریكردن و یاسادانانی ئەندامان.

حەلبووسی ئاماژەی كرد، چارەسەری هەموو كێشەكان دەكەین و ئێستە هەموو ئەندامە نوێكان بۆ بەجێگەیاندنی رۆڵە چاودێریكار و یاسادانانیان لە پەرلەمانن، هەندێك یاسا لە ناو رەفەكانی پەرلەمان هەن و ئەوانەی گرنگن و خزمەت بە رۆڵەكانی گەلی عێراق دەكەن دەست بە دەركردنیان وەك یاسا دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل