لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحی ڕاگەیەنرا و گەنجێکی خەڵکی شارۆكەی عەنکاوە، کە پێشتر بەرپرس بووە لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکە هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ سێشەم 30ی کانوونی یەکەم، بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنانی "فراکسیۆنی سۆیانا" وەک گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحی ڕاگەیەنرا، کە لە سێ پەرلەمانتار پێکهاتووە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەرلەمانتار (کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا) وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکە دیاری کراوە.
کلدۆ ڕەمزی کەسایەتییەکی دیاری کریستیانە و دانیشتووی شارۆكەی عەنکاوەی سەر بە پارێزگای هەولێرە. ناوبراو پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و وەک گەنجێکی چالاک لە بواری چالاکییە مەسیحییەکاندا ڕۆڵی هەبووە.
ئامانج لە پێکهێنانی ئەم فراکسیۆنە نوێیە، یەکخستنی هەڵوێستی پەرلەمانی و بەرگریکردنە لە مافی پێکهاتەی مەسیحی لە چوارچێوەی نیشتمانیدا.