لە خۆپێشاندانەكانی ئێران كەسێك كوژرا و پۆلیس بریندار بوو

:: PM:04:17:31/12/2025 ‌
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە شاری "فەسا" لە باشووری ئەو وڵاتە، خۆپێشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی حكوومەتی خۆجێیی و بەهۆیەوە گرژی دروست بووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی کانوونی یەکەمی 2025، ماڵپەڕی "سەحام نیوز"ی چاکسازیخواز بڵاوی کردەوە، لە شاری "فەسا"ی سەر بە پارێزگای فارس، لە کاتی هەوڵدانی هێزە تەناهییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپێشاندەرانەی چووبوونە ناو باڵەخانەی حكوومەت، خۆپێشاندەرێک گیانی لەدەست داوە.

لای خۆیەوە حامد ئوستوار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە شاری فەسا ڕای گەیاند، چوار کەس لە خۆپێشاندەران گیران کە ناوبراو بە "دەستدرێژیکار" وەسفی کردوون.

بەرپرسەکەی دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرای کردووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا سێ کارمەندی پۆلیس بە سووکی بریندار بوون.

هاوکات حەسەن عەلی محەمەدی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لەسەر پشکی شاری فەسا، هەوڵی داوە تۆمەتەکە لە خەڵکی شارەکە دوور بخاتەوە و ڕای گەیاندووە، خەڵکی شارەکە ئاییندار و لەسەرخۆن، ڕەنگە ئەوانەی بەشدارییان لە ڕووداوەکاندا کردووە لە دەرەوەی پارێزگاکەوە هاتبن و لە دەرەوە ڕێکخرابن.


وشە - پۆڵا مەحموود