ئەكسیۆس: ترەمپ و نەتەنیاهۆ تاوتوێی هێرشكردنە سەر ئێرانیان كردووە

:: PM:05:00:31/12/2025 ‌
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێی ئەوە كراوە لە ساڵی نوێ هێرشێكی تر بكرێتە سەر ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی كانوونی یەكەم، ماڵپەڕی ئەكسیۆس بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەی نەتەنیاهۆ و ترەمپ تاوتوێی سیناریۆكانی هێرشكرنە سەر ئێران كراوە.

ئەم دوو سەرۆكە باسیان لەوە كردووە، چەند دەكرێت لە ساڵی 2026 گەڕێكی تری هێرشەكان بكرێنە سەر ئێران، هەروەها باسیان لەو لێكەوتانە كردووە كە دەكرێت لە قۆناغی دووەمدا لە هێرشكردنە سەر ئێران بكەوێتەوە.

لە هاوینی رابردوو ئیسرائیل بۆ ماوەی 12 رۆژ هێرشی كردە سەر ئێران، هەر ئەوكات ئەمەریكایش وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بۆردمان كرد.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل