شەرق ئەوسەت: پێشنیارەكەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تا رادەیەكی زۆر رازیكەرە

:: PM:08:42:31/12/2025 ‌
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای كردووە، لەناو لایەنەكانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێت، مامۆستایەكی زانكۆیش بۆ رۆژنامەكە دەڵێ‌، "پێشنیارەكەی تا ڕادەیەكی زۆر رازیكەرە".

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی كانوونی یەكەمی 2025، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت راپۆرتێكی لەسەر مشتومڕەكانی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار كردووە و پێشبینی كردووە، دانوستانێكی ئاڵۆز لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە ئێستە لایەنەكانی عێراق تاوتوێی پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن و هەندێك بۆچوونی جیاواز لەسەر پێشنیارەكەی هەیە.

سەرچاوەیەكی كوردی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، جەوهەری ناكۆكییەكە هێندە پێوەندی بە ناكۆكی لەسەر ناوی كاندیدەكان نییە، بەڵكو ئەوەیە دەبێت ئەو نەریتە سیاسییە بشكێنرێت كە لە دابەشكردنی پۆستەكان ماوەی بیست ساڵە هەیە.

غالب دەعمی مامۆستای زانكۆ قسەی بۆ شەرق ئەوسەت كردووە و دەڵێ‌، "میكانیزمی بارزانی بۆ ئەوەیە پۆستی سەرۆك كۆمار لە لۆجیكی سەنگی هەڵبژاردن دوور بخاتەوە، بەرەو كەسایەتییەكی سەربەخۆی ببات كە لە ئاستێكی فرەوان قبووڵ بكرێت، ئەمەیش تا ڕادەیەكی زۆر رازیكەرە"، بەڵام غالب دەعمی پێشبینی دەكات یەكێتی رەتی بكاتەوە كە پۆستەكە بە بنەمایەكی سەرەكی هەژموونی سیاسی خۆی دەزانێت.

دوو رۆژ لەمەوبەر سەرۆك بارزانی میكانیزمێكی نوێی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشنیار كرد كە بەمشێوەیە بوو وەك لە دەقی راگەیەنراوەكەی سەرۆك بارزانی هاتووە، "لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق".


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل