مارك ساڤایا: لە ساڵی 2026 دا كۆتای بە گەندەڵكاران و میلیشیاكان لە عێراق دێنین

:: AM:09:51:01/01/2026 ‌
مارك ساڤایا نوێنەری سەرۆك ترەمپ بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێكی توند ئاراستەی گەندەڵكارانی عێراق دەكات و بەڵێنی "عێراقێكی جیاواز" لە ساڵی 2026دا دەدات.

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2026، مارك ساڤایا نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا لە عێراق پەیامێكی پیرۆزبایی و هۆشداریی ئاڕاستەی گەلی عێراق و لایەنە جیاوازەكان كرد، تیایدا جەخت لەسەر قۆناغێكی نوێی سەقامگیری و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی و چەكی بێسەروبەر دەكرێتەوە.

لە پەیامەكەدا كە ئاڕاستەی گەلی عێراق كراوە، هاتووە: هێز و خۆڕاگری ئێوە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ جیهان، ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی هەلی باشتر و سەقامگیری بۆ هەموو عێراقییەكان، هەروەها جەخت كراوەتەوە، كاركردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا دەبێت بۆ دابینكردنی داهاتوویەكی گەش.

لە پەیامەكەدا لیستێكی وردی ئەو گرفتانە خراوەتە ڕوو كە بڕیارە لە ساڵی 2026دا كۆتاییان پێ بهێنرێت، گرنگترینیان، كۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، چەكی بێ مۆڵەت، میلیشیاكان، گرژییە ناوخۆییەكان و دەستوەردانی دەرەكی.

 هەروەها بنبڕكردنی گەندەڵی، تاڵانكردنی سامانی وڵات، سپیكردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەكان، دزی و فێڵكردن لە یاسا. لەگەڵ چارەسەركردنی بێكاری، هەژاری، نەخوێندەواری، كەمیی خزمەتگوزارییەكان، نادادی و ستەم.

مارك ساڤایا، بەشێكی پەیامەكەی ئاراستەی ئەو كەسانە كردووە كە دەستیان لە گەندەڵیدا هەبووە و دەڵێت: ئەم قسانە بۆ ئەو كەسانەیە كە لەسەر خاكی عێراق گەندەڵییان كرد، كاتی ئێوە كۆتایی هات و ئێستە كاتی عێراق و عێراقییەكانە.

پەیامەكەی ساڤایا بە دەستەواژەی "ئێمە ئێستە دەست پێ دەكەین" كۆتایی پێ هاتووە و دووپاتی دەكاتەوە، ئاڵای عێراق بە بەرزی دەمێنێتەوە و وڵات دەبێتە جێگەی شانازی بۆ هەمووان.



وشە - سۆران عەزیز