پشێوییەكانی ئێران بەردەوامە و دوو كوژراوی لێ كەوتەوە

:: PM:06:06:01/01/2026 ‌

بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەك خۆپێشاندانی ئێرانییەكان بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی و بژێوی و داتەپینی بەهای ریالی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی و دراوە بیانییەكان بەردەوامە و لەپەرەسەندایە، ئەمڕۆ پێنجشەم رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە باشووری رۆژئاوای ئێران دروست بوو و بەپێی هەواڵەكان دوو كەس كوژراون. 

خۆپێشاندەران لە شاری لردغان لە دووری 650 كیلۆمەتر لە تارانی پایەتەخت، تەلارە ئیدارییەكانی شارەكەیان بەردباران كرد، لەوانە تەلاری پارێزگا و مزگەوت و دەزگای شەهیدان و شارەوانی و بانكەكان، بەر لەوەی بچنە سەر تەلاری پارێزگا، لەبەرانبەردا پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بەكار هێنا و برینداری لێ كەوتەوە، وە ك ئاژانسی "فارس" باسی كرد. 

چالاكان دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەیەكی زۆری هێزی پۆلیسیان لە شەقامەكان بڵاو كردووەتەوە، راپۆرتەكان دەڵێن، 20 كەس لەوانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەكان كردووە لە شاری فارسان لە باشووری رۆژئاوای ئێران گیراون و زۆرینەیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵن.

ئەمە و شەوی رابردوو ئەندامێكی هێزی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە رۆژئاوای ئێران كوژرا و 13ی تریش بریندار بوون، لەوكاتەی فاتمە موهاجیرانی گوتەبێژ بەناوی حكوومە تی ئێران رای گەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ نوێنەری سەندیكا و بازرگانان دەكەن، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێرانیش داوای لە وەزیری ناوخۆی حكوومەتەكەی كرد بۆ گوێگرتن بۆ داواكاریی خۆپێشاندەران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل