ماجد شنگالی: پارتی لەگەڵ سازانی كوردە لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار

:: PM:06:37:01/01/2026 ‌

وەك بڕیار بوو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە 29ی مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو ساز كرا و تیایدا ئەندامان سوێندی یاساییان خوارد و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، دەستەی نوێی سەرۆكایەتی ئەركەكانی رادەست كرا و سەرۆكی پەرلەمان دەرگەی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ماوەی سێ رۆژ واڵا كرد و بەپێی وادە دەستوورییەكان دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ لە یەكەم دانیشتن سەرۆك كۆمار بێتە هەڵبژاردن.

ماجید شنگالی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كو ردستان دەڵێت، دۆسیەی كاندیدی سەرۆك كۆمار بەر لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و دوای ئەوە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، ئەو پۆستە تایبەت نییە بە هێزێكی دیاریكراوی سیاسی و پشكی كوردە وەك پێكهاتە، هەرچی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، رێككەوتن و سازانە لەسەر پۆستەكە لەناو كورد نەك بردنی بابەتەكە بۆ ناو پەرلەمان و بەنیشتمانیكردنی.  

روونی كردەوە، پێویستە رێككەوتن و لیكگەیشتن لەسەر ئەو بابەتە لە نێوانی پارتی و یەكێتی هەبێت، چونكە بێ ئەوە یەكگوتاری لە بەغدا دروست نابێت و ئەوەش دەبێتە هۆی سوودبینینی هەندێك لایەن لە ناكۆكیی ئەوان و سەپاندنی دۆخێكی نوێ بەسەر هەردوو حزب، راستە بەربەست بۆ لێكگەیشتنیان هەیە، وەك پێكنەهاتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەبوونی كۆبوونەوە و دیداری هاوبەش، كە ئەوانە وایان كرد ئەوەی لە دانیشتنی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رووبدات.  

شنگالی دووپاتی كردەوە، سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار تا ئێستە دەرگەی خۆكاندیدكردنی واڵایە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی ناوەكان، لە كۆتاییش سازان و رێككەوتنی كورد دەبێتە هۆی دیاریكردنی ناوی كاندیدان و چوونە بەغدا بە رێككەوتوویی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل