جارێكی تر توركیا هەڕەشە لە هەسەدە دەكات

:: PM:07:38:01/01/2026 ‌

لە 10ی ئاداری ساڵی رابردوو هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا لە دیمەشق رێككەوتنێكی هەشتخاڵییان بۆ رێكخستنی پێوەندیی نێوان هێز و ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە و حكوومەتی سووریا واژوو كرد، دەبوایە رێككەوتنەكە تا كۆتایی 2025 بێتە جێبەجێكردن، بەڵام نەكرا، توركیا بە بەردەوام هەڕەشەی لە هەسەدە كردووە كە لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە هێرشی دەكرێتە سەر.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە وتەیەكی لە كۆبوونەوەیەكی یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێ گوتی، توركیا خەباتێكی زۆر دەكان لەپێناو سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی تریش، ئەوەش لە سۆنگەی سیاسەتەكانی كە لەسەر بنەمای ئاشتی بۆ نیشتمان و ئاشتی بۆ دنیا بنیات نراوە.

دووپاتی كردەوە كە توركیا رێگە بە هیچ رێكخراوێك نادات، لەژێر هەر چ ناوێكەوە بێت، ببێتە بەربەست لەبەردەم ئامانجەكانی.

لای خۆیەوە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا گوتی، توركیا رێگە بە هیچ رێكخراوێك نادات، بەتایبەتی پەكەكە و باڵەكانی وەك پەیەدە و هەسەدە بەردەوامبوون لە چالاكییەكانیان یان سەپاندنی ئەمری واقیع لە ناوچەكە.

دووپاتی كردەو، پێویستە هەسەدە بەپەلە رێككەوتنی ئادار جێبەجێ بكات و خۆی لەگەڵ سوپای سووریا یەك بخات، دەبێت وەك تاك بچنە ناو سوپاكە نەك وەك یەكەی سەربەخۆ، هەڵوێستی توركیات لەوبارەوە روونە، جارێكی تر دووبارەی دەكەمەوە، رێگە بەهیچ رێكخراوێك نادەین لەپێشەوەیان پەكەكە و پەیدە بە بەردەوامبوونی چالاكییەكانیان لە ناوچەكە یان سەپاندنی هەر دۆخێك وەك ئەمری واقیع.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل