زێڕ ساڵی نوێی بە بەرزبوونەوە دەست پێ کرد؛ ئۆنسەیەک گەیشتە 4346 دۆلار

:: PM:01:39:02/01/2026 ‌
نرخی زێڕ و کانزا بەنرخەکان لە یەکەم ڕۆژەکانی مامەڵکردن لە ساڵی 2026ـدا بەرزبوونەوەیان تۆمار کرد و درێژەیان بەو دەسکەوتە مێژووییانە دا کە ساڵی ڕابردوو تۆماریان کردبوو.

ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە ڕێژەی 0.8% بەرز بووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 4346.69 دۆلار. هەروەها گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمەریکا بە ڕێژەی 0.5% بەرز بوونەوە و گەیشتنە 4360.60 دۆلار.

زێڕ ساڵی 2025ـی بە قازانجی ساڵانەی 64% کۆتایی پێ هێنا، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی قازانجە لە ساڵی 1979ـەوە. هۆکارەکەشی بۆ دابەزاندنی نرخی سوودی ئەمەریکا، گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان و خواستی زۆر لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەگەڕێتەوە.

لە بازاڕی کانزاکانی تردا، زیو بە ڕێژەی 2.1% هەڵکشا و گەیشتە 72.75 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بە قازانجی پێوانەییی 147% کۆتایی پێ هێنابوو.

هەروەها پلاتین گەیشتە 2057.74 دۆلار و پالادیۆمیش بە ڕێژەی 2.4% بەرز بووەوە و گەیشتە 1642.90 دۆلار، کە باشترین ئەدای ساڵانەیەتی لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا.


وشە - پۆڵا مەحموود