پارێزگاری بەسرە گرتنی ژمارەیەک کەسی ڕاگەیاند کە دەستیان هەبووە لە ڕووداوی دەستدرێژیکردنە سەر کچان لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا.
ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026، ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هێزە تەناهییەکان 17 کەسیان گرتووە کە تێوەگلاون لە ڕووداوی گێچەڵکردن بە کچان لە کۆرنیشی پارێزگاکە.
عێدانی ڕوونی کردەوە، گرتنی ئەو کەسانە دوای ئەوە دێت کە شەوی سەری ساڵ، کۆمەڵێک گەنج لە کاتی کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕاندا لەسەر کۆرنیشی بەسرە، گێچەڵیان بە ژمارەیەک کچ کردبوو.
جێی باسە، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی ئەو ڕووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەی توندی ڕای گشتیی لێ کەوتەوە و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی دەکرا.