لەكاتێكدا ئێستە هەموو هێزە سیاسیەكانی توركیا باسی ئاشتی دەكەن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ماوەی قەییومی لە شارەوانیی مێردین جارێكی تر درێژكردەوە.
دەم پارتی لە هەڵبژاردنەكانی 31ـی ئاداری 2024ـدا سەرۆكایەتیی گەورە شارەوانیی مێردینی بە دەست هێنا و ئەحمەد تورك وەك سەرۆكی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی كەم دەست بەكار بوو وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە قەییومی لەشوێن دانا، تا ئێستە سەرەرای هەموو ئەو گفتوگۆیانەی هەن، هێشتا ئەحمەد تورك نەگەڕاوەتەوە سەر كارەكەی و قەیوم بەرێوەی دەبات.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ماوەی قەییومی شارەوانیی مێردینی، بۆ دوو مانگی تر درێژ كردەوە. پارێزگاری ماردین تا چوارـی ئاداری ئەمساڵ بە وەكالەت لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد تورك سیاسەتمەدارێكی ناسراوی كوردی باكووری كوردستانە، لە ساڵی 1942 لە ماردین لەدایكبووە، لە هەڵبژاردنەكانی گەورە شارەوانییەكان سێ جار وەك سەرۆكی گەورە شارەوانیی مێردین هەڵبژێردراوە.