ئەنجومەنی باڵای دادوەری: پاڵپشتی هیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناكەین

:: AM:10:50:03/01/2026 ‌
لە چەند رۆژی رابردوو لە راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پاڵپشتی لەكاندیدێكی دیار كراو بۆ سەرۆك وەزیران دەكات و بەوەش چانسی ئەو كاندیدە زیاترە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەكان لە تێوەگلاندنی ناوی سەرۆكی ئەنجومەنەكە.

ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنی وادە دەستوورییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران، هەندێك لایەنی سیاسی و كەسایەتی ركابەر، ناوی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەهێنن لە پرسی كاندیدكردن یان پشتگیریكردنی كەسایەتی دیاریكراودا.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت:  هەندێك لایەن پەیجی بێناونیشان و سۆشیاڵ میدیا بەكاردەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست بە مەبەستی لێدانی ناوبانگی قەزا و كەمكردنەوەی چانسی ركابەرەكانیان.

ئەنجومەنەكە جارێكی تر جەخت دەكاتەوە وەك ئەوەی لە 27ی تشرینی دووەمی 2025 ڕوونی كردبوەوە، كە قەزا دەستوەرناداتە كاندیدكردنی هیچ كەسێك، چونكە ئەمە لە چوارچێوەی پسپۆڕی و كارەكانی ئەواندا نییە.

هۆشداری دەدرێت كە رێكاری یاسایی بەرانبەر هەر كەس و لایەنێك دەگیرێتە بەر كە ناوی "دەسەڵاتی دادوەری" بۆ ململانێی سیاسی بەكاربهێنێت.



وشە - سۆران عەزیز