بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كاردانەوەی كوشتنی بەرپرسێكی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر، چەكدارانی سەدر نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسانیان سووتاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، لە كاردانەوەی كوشتنی بەرپرسێكیاندا چەكدارانی سەرایا سەلام نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگایان سووتاند و دۆخەكەش ئەگەری پێكدادانی زیاتری هەیە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە گەڕەكی موعەلیمین لە شاری عەمارەی سەنتەری پارێزگای میسان، بەرپرسێكی باڵای سەرایا سەلام، بەناوی حسین عەلاق ناسراو بە (دعلج) تەقەی لێكراو كوژرا.
بەگوتەی سەرچاوە تەناهییەكان تەقەكەرەكان، دوای كوشتنی (دعلج) بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتوون و دەستگیرنەكراون.
كوشتنی ئەو بەرپرسەی سەرایا سەلام، دۆخێكی تەناهیی ئاڵۆزی لە میسان دروستكردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە كاردانەوەی ڕووداوەكەدا چەكدارانی سەرایا سەلام نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگایان سووتاندووە.
سەرچاوە تەناهییەكان ڕاشیانگەیاندووە، لەلایەن چەكدارانی سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق تەقەیان لەیەكدی كردووە و تا ئێستەش بەرانبەر یەكتر وەستاون و ئەگەری تەقینەوەی دۆخەكە هەیە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تا ئێستە موقتەدا سەدر و قەیس غەزعەلی هیچ ڕاگەیەنراوێكیان لەبارەی ڕووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە.