سەرۆكی فەنزوێلا و هاوسەرەكەی گیران

:: PM:12:40:03/01/2026 ‌
لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە سەرۆكی فەنزوێلا و هاوسەرەكی گیران و لەو وڵاتە برانە دەرەوە.

ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆك كۆماری ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی گیران و برانە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
دەشڵێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە سەركەوتوویی هێرشێكی بەرفراوانی ئەنجامدا دژی ڤەنزوێلا و سەرۆكەكەی، نیكۆلاس مادورۆ، كە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا گرت.

ئاماژە بەوەش دەكات، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوكاریی دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسای ئەمەریكا ئەنجامدراوە، وردەكاری زیاتر دواتر بڵاو دەكرێتەوە.

بەیانی ئەمەڕۆ میدیاكانی دنیا بڵاویان كردەوە كاراكاس پایتەختی ڤەنزوێلا كرایە ئامانج و دەنگی ژمارەیەك تەقینەوە لە نێو پایتەخت دەبیسترێن.

رۆیتەرز ئاماژەی داوە جگە لە دەنگی تەقینەوە، دەنگی فڕۆكە لە ئاسمانی ئەو شارە دەبیسترێت و كارەبای باشووری پایتەخت بە تەواوی پچڕاوە كە یەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی ڤەنزوێلای تێدا هەڵكەوتووە.

هاوكات ''فۆكسنیوز'' بڵاوی كردەوە دەنگی هەفت تەقینەوە لە شارەكە بیستراون. ''سی ئێن ئێن''یش بە بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بدات باسی لە روودانی ژمارەیەك تەقینەوە و پچڕانی كارەبا لە كاراكاسی پایتەخت كردووە.

هێشتا بە فەرمی رانەگەیەنراوە چ وڵاتێك هێرشی كردووەتە سەر كاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلا، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆر هەر دەبێت ئەمەریكا بێت چونكە ماوەیەكە پێوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە زۆر ئاڵۆز بوون.

 رێك دوو هەفتە لەمەوبەر دوای دەرچوونی فەرمانێك لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ گەمارۆدانی دەریایی ڤەنزوێلا بە ئامانجی رێگریكردن لە تێپەڕینی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئەو وڵاتە كە لەلایەن ئەمەریكا سزا دراون، حكوومەتی ڤەنزوێلا داوای كۆبوونەوەی نائاسایی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو.

نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆك كۆماری ڤەنزوێلا، ئەمەریكای تۆمەتبار كردبوو بەوەی دەیەوێت وڵاتەكەی داگیر بكات. ئەو ئاماژەی داوە هەر جۆرە هەنگاوێكی ئەمەریكا دژی ڤەنزوێلا بە شكست كۆتایی دێت و لە چەند رۆژی رابردووشدا لێدوانی توندی لە دژی ئەمەریكا داوە و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەر جۆرە بەرگرییەك بەرانبەر هێرشی ئەمەریكا دەربڕیوە.

ماووەی رابردوو دیموكراتەكان نەیانتوانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، ئەو مەرجە بسەپێنن كە مۆڵەتی هێرشكردنە سەر ڤەنزوێلا بە كۆنگرێس ببەستنەوە و بۆیەش دەستی دۆناڵد ترەمپ كراوەیە لە هێڕشكردنەسەر ڤەنزوێلا بە بێ ئاگاداركردنەوەی كۆنگرێس.

دۆناڵد ترەمپ، نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلای بە بە دزینی سامانی ئەمەریكا و هەوڵدان بۆ تیرۆر و بەقاچابردنی مادەی هۆشبەر و مرۆڤ تۆمەتبار كردووە.



وشە - رامیار جەواد