دوای گرتنی مادۆرۆ چی دەبێت؟

:: PM:05:17:03/01/2026 ‌

دوای ئامادەسازییەكی زۆر و كۆكردنەوەی هێز لە كەناراوەكانی ڤەنزوێلا، ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕ و كورتی سەربازی لە دژی ئەو وڵاتە ئەنجام دا و بە گرتنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا كۆتایی هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی گرتنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە كرد و ئاماژەشی بۆ قۆناغی دوای ئەوە كرد.

دوای گرتنی مادۆرۆ، ترەمپ بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی راگەیاند، دوای هێرشەكەی سەر ڤەنزوێلا پلانی زۆر باش بۆ ئەو وڵاتە هەن، ئەو باسی وردەكارییەكانی نەكرد، بەڵام سیناتۆرێكی ئەمەریكی لە ماركۆ ر ۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای گواستەوە كە دوای گرتنی مادۆرۆ پلانی هێرشی تریان بۆ سەر ڤەنزوێلا نییە. 

لای خۆیەوە كریستۆفەر لاندۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دوای راگەیاندنی ترەمپ بە گرتنی مادۆرۆ، رای گەیاند كە ڤەنزوێلا رۆژێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، ستەمكارێك رۆیشت و بەهۆی تاوانەكانییەوە رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

بامیلا بۆندی داواكاری گشتیی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆریسی خێزانی بەمنزیكانە بەهۆی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان دەدرێنە دادگایەكی ئەمەریكی، لەوانە پیلانگێڕی بۆ كاری تیرۆریستی پێوەست بە مادەی هۆشبەر و بۆ هەناردەكردنی كۆكایین و هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی و پیلانگێڕی لە دژی ئەمەریكا، بەمنزیكانە لەسەر خاكی ئەمەریكا سزای خۆیان وەردەگرن.

مایك لی سیناتۆری ئەمەریكی لە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی گواستەوە كە دوای گرتنی مادۆرۆ و گواستنەوەی بۆ ئەمەریكا، ئەمەریكا هێرشەكەی بۆ سەر ڤەنزوێلا تەواو كرد و پێشبینی ناكرێت جموجۆڵی زیاتری سەربازیی ئەمەریكی لەو وڵاتە هەبێت، مادۆرۆ تێلسی رۆدرێگز پەرلەمانتاری ڤەنزوێلا گوتی، حكوومەتی ڤەنزوێلا زانیاری لەبارەی شوێنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی نییە و پێویستە ئەمەریكا بیسەلمێنێت كە ئەوان زیندوون.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل