شیعە هانی كورد دەدەن بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆك كۆمار

:: PM:05:56:03/01/2026 ‌

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ كۆبووەوە، لەوانە كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق كە لە پشكی كوردە و پێویستە لە كەمتر لە 30 رۆژ لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن، كورد، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی یەكهەڵوێستی و یەكلاكردنەوەی پۆستەكە لە ناو ماڵی كورد دەدات، هاوكات شیعە هانی كورد دەدەن بۆ ئەو مەبەستە.

ماجید شنگالی ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پۆستی سەرۆك كۆمار یەكەمجار بەشی كوردە و دووەمجاریش هی هەموو عێراقییەكانە، ئەوەش لەسەر بنەمای نەریتی پێڕەوكراو لە 2005ەوە، هاوكات پۆستەكە تایبەت نییە بە هێزێكی دیاریكراو، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان. 

روونی كردەوە، هەر عێراقییەك مافی هەیە نووسراوی كاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكات، بەڵام میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدان لەناو پەرلەمان وا دەخوازێت كاندیدەكە كورد بێت، بۆیە ئەوەی لە دەرەوەی هێزە كوردییەكان بۆ ئەو پۆستە باسی كاندیدبوونی دەكرێت تەنیا بۆ دەستكەوتی میدیاییە، ئاماژەی كرد، باشترین بژارە لەو قۆناغەدا لێكگەیشتن و رێككەوتنە لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی قبووڵكراو لە لایەن هەمووانەوە.

شنگالی ئاشكرای كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كورد بەرەو ئەو لێكگەیشتنە هان دەدات بۆ خۆلادان لە ناكۆكیی سیاسی و كاتی پێویستیش ماوە بۆ گەیشتن بۆ دیاریكردنی یەكێك لە كاندیدەكان، هەریەك لە پارتی و یەكێتی كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە و بڕیارە لە سبەی یەكشەمەوە ئەوان دەست بە گفتوگۆ بكەن بە مەبەستی تاوتوێكردنی ناوی كاندیدەكان و رێككەوتن لەسەر یەكێكیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.   

ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی و ئامادەبوونی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرانی سەرۆكی حزبەكە، دانەر عەبدولغەفار پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا گوتی، لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سازان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، پارتی شاندێكی دانوستانكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك دێنێت.

روونی كردەوە، تا ئێستە ناوی هیچ كاندیدێك بۆ پۆستەكە دیاری نەكراوە، قۆناغی ئێستە تەنیا كردنەوەی دەرگەی كفتوگۆیە لە نێوان هێزە كوردستانییەكان بۆ دیاریكردنی یەك كاندید بۆ پۆستەكە هەمووان پێی رازی بن، پارتی لەگەڵ سازانی هاوبەشی كوردستانییە و شاندەكەی پێكی هێناوە لە ماوەی كەمی داهاتوو دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل