ترەمپ: خەریكین بڕیار لەبارەی سەركردایەتیی نوێی ڤەنزوێلا دەدەین

:: PM:06:16:03/01/2026 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە هەڵمەتێكی سەربازی لە ڤەنزوێلا سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاوسەرەكەیان گرتووە و ئەوانیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكە گواستووەتەوە، دووپاتی كردەوە كە واشنتن بڕیار لەبارەی سەركردایەتیی نوێی ڤەنزوێلا دەدات.

ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، خەریكی بڕیاردانین لەبارەی هەنگاوی داهاتوو سەبارەت بە سەركردایەتیی ڤەنزوێلا لەبارەی ئەوەی كێ كارەكانی ئەو وڵاتە دەگرێتە دەست، ئێستە خەریكی بڕیاردانین، چونكە ناتوانین رێگە بە بە هاتنی كەسێكی تر بۆ دەسەڵات لەو وڵاتە بدەین ئەوەی مادۆرۆ تەواو بكات، دووپاتی كردەوە كە مادۆرۆ لە كاتی گرتنی لە حەشارگەیەكی توندوتۆڵدا بووە و ئێمەش ئامادە بووین بۆ مامەڵكردن لەگەڵیدا.

لەوكاتەی ترەمپ ئاماژەی كرد كە پێی وایە هیچ كەس لە كاتی گرتنی مادۆرۆ نەكوژراوە و كاتەكە زۆر گونجاو بوو بۆ هەڵمەتەكە و ئەوان دەیانویست ئەو هەڵمەتە بەر لە چوار رۆژ ئەنجام بدەن، بەڵام دۆخی كەشوهەوا گونجاو نەبوو، جی دی فانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هێرشەكەی ڤەنزوێلا و گرتنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی، نەوتی دزراوی بۆ ئەمەریكا گەڕاندەوە.

روونی كردەوە، سەرۆك ترەمپ چەند بژارەیەكی خستبووە روو، بەڵام بە روونی پێی وابوو كە دەبێت قاچاغی مادەی هۆشبەر بوەستێنرێت و نەوتی دزراوی ئەمەریكا بگەڕێنرێتەوە، مادۆرۆ دوایین كەسە دەری دەخات ئەوەی سەرۆك ترەمپ دەیڵێت، جێبەجێی دەكات، بۆ ئەوانەشی دەڵێن ئەوە كارێكی نایاساییە، مادۆرۆ چەندان تۆمەتی تیرۆری پێوەست بە مادەی هۆشبەری لە ئەمەریكا لەسەرە، لە ئەمەریكاش هیچ كەسێك لەسەر قاچاغی مادەی هۆشبەر لێخۆشبوونی بۆ دەرناچێت تەنیا بەهۆی ئەوەی لە كۆشكێكی كاراكاس دانیشتووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل