دوای ئەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق لە 29ی كانوونی یەكەمی رابردوو یەكەم دانیشتنی ساز كرد و دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد، دەستەی نوێ دەستبەكار بوو و دەرگەی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار واڵا كرد و دانیشتنەكانی بۆ 4ی كانوونی دووەم وەستاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق وادە و كارنامەی دووەم دانیشتنی بڵاو كردەوە.
بەپێی فەرمانگەی راگەیاندنی
پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەم پێنجی كانوونی دووەم، دووەم دانیشتنی یەكەم وەرز و ساڵی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە سەعات 10:00ی بەیانی دێتە سازكردن، كارنامەی دانیشتنەكە لە سێ بڕگە پێك هاتووە، دەنگدان لەسەر پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمان بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕگەی سێیەم بریتییە لە گفتوگۆی گشتی، دانیشتنەكە سەعات 10:00ی بەیانی دەست پێ دەكات.
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام ساز كرد، لەو دانیشتنە ئەندامانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد و هەیبەت حەلبووسی وەك سەرۆكی پەرلەمان و عەدنان فەیحان وەك یەكەم جێگر و فەرهاد ئەترووشی وەك دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران، بڕیارە تا 30 رۆژی تر پۆستی سەرۆك كۆماریش یەكلا بكرێتەوە كە پشكی كوردە.