ترەمپ: پرۆسەی گرتنی مادۆرۆ وەك بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی وابوو

:: PM:07:06:03/01/2026 ‌

ئەمڕۆ دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرتنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە كاراكاس و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیاند، ئەو وردەكاریی زیاتری لەوبارەوە ئاشكرا كرد و گوتی، گرتنی ئەو لە لایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی نزیك بوو و راستەوخۆ بینیویەتی.  

ترەمپ بە "فۆكس نیوز"ی راگەیاند، وا سەیری پرۆسەی گرتنی ئەوم دەكرد وەك ئەوەی سەیری بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی بكەم، تەواوی دیمەنەكانم بینی، هێزە تایبەتەكان مادۆرۆیان لەناو حەشارگەیەكی توندوتۆڵ گرت و بەرەو كەشتیی ئەیو جیما گواستییانەوە، پرۆسەكە چوار رۆژ تا باشبوونی دۆخی كەشوهەوا دوا خرا، ئەو بەرەو نیویۆرك دێتە گواستنەوە و لەوێ تۆمەتی تاوانكاری ئاراستە دەكرێت، مادۆرۆ هەوڵی گفتوگۆكردنی دا، بەڵام لە كۆتاییدا گوتم نا، ئەو بەرپرسە لە كوشتنی ساڵانەی 300 هەزار ئەمەریكی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە. 

ترەمپ ئاشكرای كرد كە بەهۆی پرۆسەكەوە تەنیا برینداری سووك لە رێزی هێزەكانی ئەمەریكا هەیە، پرۆسەكە لە رووی سەربازییەوە سەركەوتوو بوو، ئێستەش واشنتن خەریكی بڕیاردانە لەسەر هەنگاوی داهاتوو سەبارەت بە داهاتووی سەركردایەتیی ڤەنزوێلا و ئەگەر لایەنگرانی مادۆرۆ لە پاڵپشتیكردنی بەردەوام بن، رووبەڕووی داهاتوویەكی خراپ دەبنەوە، ئەمەریكا رێگە بە هیچ لایەنێك نادات هەمان سیاسەتەكانی مادۆرۆ درێژە پێ بدات و ئەمەریكا بەرانبەر دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە سەردەمی ئەو رووی دا دەستەوەستان ناوەستێت.  

ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئیدارەكەی تاوتوێی ئەگەری سەرپەرشتیكردنی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا بۆ قۆناغی داهاتوو ئەو وڵاتە دەكات، ئاماژەی بۆ ماریا كۆرینا ماچادۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا كرد و دووپاتی كردەوە گوتی، ئێستە ڤەنزوێلا جێگری سەرۆكی هەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ دیاریكردنی رێوشوێنەكان بۆ قۆناغی گوێزەرەوە لەو وڵاتە، هاوكات ترەمپ ئاماژەی بۆ دەستوەردانی وڵاتەكەی لە كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا كرد و گوتی، نەوت گرنگییەكی ستراتیجی بۆ واشنتن هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل