ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرتنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە كاراكاس و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیاند، مادۆرۆ نەیاری ئەمەریكا و دۆست و هاوپەیمانی رووسیا و چین بوو، دوای گرتنی لە لایەن هێزێكی تایبەتی ئەمەریكاوە، مۆسكۆ داوای ئازادكردنی مادۆرۆی كرد.
ئەمڕۆ شەموو دوای گرتنی مادۆرۆ، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەكدا داوای ئازادكردنی كرد و گوتی، لە سایەی ئەو راپۆرتانەی باسی بوونی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی لە ئەمەریكا دەكەن، بەتوندی داوا لە سەركردایەتیی ئەمەریكا دەكەین بە چاوخشاندنەوە بە هەڵوێستەكەی و ئازادكردنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی شەرعیی وڵاتێكی خاوەن سەروەری و هاوسەرەكەی.
بەیاننامەكە روونی كردەوە، پێویستە دۆخەكە ئامادە بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ئەمەریكا و ڤەنزوێلا لە رێگەی گفتوگۆوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی چین بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند هەڵسوكەوتەكانی ئەمەریكا كە بەرجەستەی باڵادەستیی سیاسی دەكات، پێشێلكارییەكی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و پێشێلكردنی سەروەریی ڤەنزوێلایە و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش لە ئەمەریكای لاتینی و ناوچەی دەریای كاریبی دەكات.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە رەچاونەكردنی یاسای نێودەوڵەتی لە هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە دژی ڤەنزوێلا دەربڕی و پێی وابوو كە پرۆسەكە لێكەوتەی نیگەرانكاری لەسەر ناوچەكە دەبێت و پەرەسەندنەكان پێشهاتێكی مەترسیدارن.