بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی تایبەتی سەربازیی ئەمەریكا نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان لە حەشارگەیەك لە كاراكاسی پایەتەخت گرت و بەرەو كەشتییەكی جەنگیی ئەمەریكایان گواستەوە، سەرۆكی ئەمەریكا گرتنی ئەوی راگەیاند و دواتر باسی وردەكاریی گرتنی كرد و ئەمشەویش وێنەی ئەوی بە گیراوی لەسەر كەشتییە جەنگییەكە بڵاو كردەوە.
بەپێی ئەو وێنەی
ترەمپ بۆ مادۆرۆی بڵاو كردەوە، ئەو لەسەر كەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس ئیو جیما" بە دەست و چاو بەستراوی دەردەكەوێت، بتڵێكی بچووكی ئاوی هەڵگرتووە و جلێكی وەرزشی خۆڵەمێشی لەبەرە.
ئەمڕۆ دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرتنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە كاراكاس و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە راگەیاند، ئەو وردەكاریی زیاتری لەوبارەوە ئاشكرا كرد و گوتی، گرتنی ئەو لە لایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی نزیك بوو و راستەوخۆ بینیویەتی.
ترەمپ بە "فۆكس نیوز"ی راگەیاند، وا سەیری پرۆسەی گرتنی ئەوم دەكرد وەك ئەوەی سەیری بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی بكەم، تەواوی دیمەنەكانم بینی، هێزە تایبەتەكان مادۆرۆیان لەناو حەشارگەیەكی توندوتۆڵ گرت و بەرەو كەشتیی ئیو جیما گواستییانەوە، پرۆسەكە چوار رۆژ تا باشبوونی دۆخی كەشوهەوا دوا خرا، ئەو بەرەو نیویۆرك دێتە گواستنەوە و لەوێ تۆمەتی تاوانكاری ئاراستە دەكرێت، مادۆرۆ هەوڵی گفتوگۆكردنی دا، بەڵام لە كۆتاییدا گوتم نا، ئەو بەرپرسە لە كوشتنی ساڵانەی 300 هەزار ئەمەریكی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە.