دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو هاتە سازكردن، هەفتەی رابردوو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ هاتە سازكردن و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا و دەستبەكار بوو، بڕیارە لە ماوەی داهاتوو پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلا بكرێتەوە كە پشكی كوردە، ئینجا پۆستی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
راپۆرتەكانی هەواڵ باسی بوونی سێ كاندیدی سەرەكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكەن، ئەوانیش محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی و حەیدەر عەبادین، ئەمڕۆ شەموو
عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەتی نیشتمانی رای گەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نۆ كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری كردووە.
روونی كردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و راوێژكاریی پێشوەختە بوو، خواستێكی سیاسی هەیە بۆ كەمكردنەوەی وادە دەستوورییەكان بۆ زیادكردنی دەستكەوتەكان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە كاندیدانی سەرۆك وەزیران كرد بەرنامە و كاری لەپێشینەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تیمەكانی كاریان پێشكەش بكەن، لەسەر ئەو بنەمایە نۆ كاندید دیاری كراون.
حەكیم دووپاتی كردەوە، ئاڵنگاریی داهاتوو بریتییە لە لایەنی ئابووری، بەتایبەتی پێوەست بە هەڵبەز و دابەزینی نرخی نەوت، تەنگژەكە كورتمەودایە و هەلێكی باشە بۆ چاكسازیی ئابووری، ئەگەرچی لە سەرەتادا سەختە، دووپاتی لە داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت لە چوارچێوەی چارەسەركردنێكی هاوسەنگی عێراقییانە و بە هاوكاریی حكوومەتی هەڵبژێردراو لەگەڵ بوونی گەرەنتیی نێودەوڵەتی و بەشداریكردنی سیاسی كردەوە.
شایەنی باسە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و زیادبوونی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان و دووركەوتنی عێراق لە بازنەی ئێران و دووخستنەوەی میلیشیاكان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ، ناو ماڵی شیعە لە دۆخێكی شلۆقدایە، بەتایبەتی كە وادەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق نزیكتر دەبێتەوە.