موقتەدا سەدر: گرتنی مادۆرۆ پەیامێكە بۆ نەیارانی ئەمەریكا

:: PM:09:13:03/01/2026 ‌

ئەمڕۆ شەموو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرتنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلای راگەیاند، هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕی سەربازییان لە كاراكاس ئەنجام دا و سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان گرت و ئەوانیان بۆ ئەمەریكا گواستەوە، لەو ناوەدا موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە رای گەیاند كە ئەوەی لە كاراكاس رووی دا پەیامێكە بۆ نەیارانی سیاسەتەكانی ئەمەریكا.

سەدر لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەوەی ئەمڕۆ لە كاراكاس لەسەر دەستی ترەمپ رووی دا، پەیامێكی روونی عەولەمەیە، كە تا ئێستە ئامانجێكی زلهێزەكانی دنیایە، بەڵێ پەیامێكە بۆ هەموو نەیار و بەرهەڵستكارانی سیاسەتەكانی ئەمەریكا، بەڵكو لەوەش زیاتر، بەتایبەتی بە سەیركردنی ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دا لە گرتنی مادۆرۆ كە رەنگە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت.

روونی كردەوە، بەڵێ پەیامێكە بۆ هەموو رێكخراو و یاسا نێودەوڵەتییەكان، لەوانە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و هیتریش، ئەوەی رووی دا پەیامێكی ئاسمانە لەبارەی ئاسانی كەوتن و لەناوچوونی دەسەڵاتەكان لەوانەی پارە و گەندەڵی بەرانبەر بە گەلەكەیان و نەهامەتییەكانیان سەرقاڵی كردوون، ئەمڕۆ مادۆرۆ و دەسەڵاتەكەی لەسەر دەستی ستەمكارێك رووخا، وەك پەروەردگار دەڵێت، ستەمكار شمشێری منە و تۆڵەی پێ دەكەمەوە و تۆڵەشی لێ دەكەمەوە، بەو جۆرە ستەمكار و گەندەڵكاران بە هەمان شێوە یان بە شێوەی تر لەناو دەچن.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل