هەفتەی رابردوو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوە چوو و جیا لە سوێندخواردنی ئەندامانی نوێن سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردران، هەر لەو دانیشتنە سەرۆكی پەرلەمان دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار واڵا كرد كە پشكی كوردە و ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە دووشەمی داهاتوو دوا وادەیە بۆ خۆكاندیدكرن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
بڕیارە
دووشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دووەمین دانیشتنی یەكەم وەرز و ساڵی شەشەم خولی لە سەعات 10:00ی بەیانی ساز بكات، بەپێی بەیاننامەیەكی راگەیاندنی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە دوا وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دووشەمی داهاتووە، واتە تا كۆتاهاتنی دەوامی فەرمی لەو رۆژە.
ماجید شنگالی ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پۆستی سەرۆك كۆمار بەشی كوردە و تایبەت نییە بە هێزێكی دیاریكراو، هەر عێراقییەك مافی هەیە نووسراوی كاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكات، بەڵام میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدان لەناو پەرلەمان وا دەخوازێت كاندیدەكە كورد بێت، باشترین بژارە لەو قۆناغەدا لێكگەیشتن و رێككەوتنە لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی قبووڵكراو لە لایەن هەمووانەوە، پارتی و یەكێتی كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە و بڕیارە لە سبەی یەكشەمەوە دەست بە گفتوگۆ بكەن بە مەبەستی تاوتوێكردنی ناوی كاندیدەكان و رێككەوتن لەسەر یەكێكیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
لای خۆیەوە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی پارتی، دانەر عەبدولغەفار پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا گوتی، لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سازان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، پارتی شاندێكی دانوستانكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك دێنیت، تا ئێستە ناوی هیچ كاندیدێك بۆ پۆستەكە دیاری نەكراوە، قۆناغی ئێستە تەنیا كردنەوەی دەرگەی كفتوگۆیە لە نێوان هێزە كوردستانییەكان بۆ دیاریكردنی یەك كاندید بۆ پۆستەكە هەمووان پێی رازی بن، پارتی لەگەڵ سازانی هاوبەشی كوردستانییە و شاندەكەی پێكی هێناوە لە ماوەی كەمی داهاتوو دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكات.