ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە وەڵامێکی تونددا بۆ جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕای گەیاند، تاران چاوەڕێی ئەوە ناکات هێرشی بکرێتە سەر ئینجا وەڵام بداتەوە، بەڵکو هەر جووڵەیەک بە مەترسی بزانێت، "هێرشی پێشوەختە" ئەنجام دەدات.
ئەمشەو سێشەم شەشی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دا و ڕای گەیاند تاران تەنیا بەوەوە ناوەستێت کە دوای ڕوودانی دەستدرێژی وەڵام بداتەوە، بەڵکو هەر ئاماژەیەکی هەڕەشە وەک بەشێک لە هاوکێشەی تەناهی دەبینێت و ئەمەش مافی ئەوەمان پێ دەدات ڕێکاری پێشوەختە (لێدانی پێشوەختە) لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا بگرینە بەر.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێران جووڵەکانی بەدوای هێرشدا قەتیس ناکات، بەڵکو نیشانە كردەیی و ئاشکراکانی هەڕەشە، بە بەشێک لە حیساباتی بەرگریی خۆی دەزانێت.
ئەنجوومەنەکە ئەو لێدوانانەی بە "دەستوەردان" وەسف کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە ئاسایش و سەربەخۆییی وڵات "هێڵی سوورن و بەزاندنیان قبووڵ ناکرێت"، هەر دەستدرێژییەکیش وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت کە میدیاکان بڵاویان کردەوە، جووڵەیەکی سەربازیی "نائاسایی"ی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەستی پێ کردووە و دەیان فڕۆکەی سووتەمەنی و جەنگی گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوەتە تاران کە ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکرێت، ئەمەریکا دەستوەردان دەکات.