لە حەلەب 50 كەس لە 24 سەعاتدا بوونە قوربانی و شەڕەكە گەورەتر دەبێت

:: PM:01:10:07/01/2026 ‌
شەڕی هەسەدە لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گەورە بووە و بەگوێرەی نوێترین ئامارەكان، لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا 50 كەس و كوژراو و بریندار بوون.

نووری شێخۆ هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود رای گەیاند كە بەپێی ئامار، ژمارەی كوژراوانی سڤیل گەیشتووەتە شەش كەس و 44 هاووڵاتیی تریش بریندار بوون. 

ئاماژەی بەوە دا، ئەم ئامارە تەنیا تایبەتە بە هاووڵاتییان و زانیاریی وردیان لەسەر زیانی گیانیی هێزە تەناهییەكان لە بەردەست نییە.

هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی گەڕەكەكە ئاشكرای كرد، ئێستە بەشێوەیەكی بەردەوام فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن) بەسەر گەڕەكە كوردییەكاندا دەسووڕێتەوە، ئەمەش دۆخێكی دەروونیی سەخت و دڵەڕاوكێی زۆری لای خەڵك دروست كردووە.

شەڕەكە وێرانیی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان، بەهۆی چڕیی تۆپباران و پێكدادانەكانەوە، زیاتر لە 150 ماڵی هاووڵاتییان زیانیان بەركەوتووە، هەروەها ژمارەیەك دامەزراوەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی گەڕەكەكان كراونەتە ئامانج و وێران بوون.

میدیای نزیك لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ناسنامەی ئەو گرووپانەی ئاشكرا كردووە كە هێرش دەكەنە سەر گەڕەكە كوردییەكان. بەپێی زانیارییەكان، چوار گرووپی چەكداریی سەربە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەم هێرشانەدا بەشدارن كە بریتین لە: "فیرقەی حەمزات، فیرقەی عەمشات، فیرقەی سوڵتان موراد و گرووپی نوورەدین زەنگی".

بەهۆی ئامادەكارییەكانی هێزەكانی سەربە حكوومەتی كاتی سووریا، شەڕ لە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب خوێناویتر دەبێت.

وەزارەتی بەرگریی سووریا لە پەیامێكدا ڕای گەیاندووە، سەعات سێی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مۆڵەت بەخەڵكی سڤیلی گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەدرێت بۆ چۆڵكردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، "لە دوای ئەو وادەیەوە ڕێگەی هاتوچۆ بە كەس نادرێت ‌و هێرشی فراوان بۆ سەر ئەو گەڕەكانە دەست پێ دەكات".



وشە - سۆران عەزیز