هەسەدە دەڵێت، نزیكەی 100 تانك و زرێپۆش گەمارۆی گەڕەكە كوردییەكانیان داوە، دۆخی حەلەب ئاماژەیە بۆ ڕوودان و هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە و بەرفراوان و ئێمەش ئامادەین.
هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە لەبارەی دۆخی حەلەبەوە پەیامی نوێی دا و ڕای گەیاند: تا ئێستە 80 تانك و زرێپۆش گەمارۆی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و ناوچە كوردنشینەكانیان داوە، مەترسیی گەورە لەسەر ئەو ناوچانە و خەڵكەكەی هەیە، چونكە ڕێگە نادەن هاوكاریی مرۆیی و تەندروستیی بچێتە ژوورەوە.
هەسەدە ئەوەشی گوت، ئەو دۆخەی لە حەلەب دەگوزەرێت، مەترسیدارە و ئاماژەیە بۆ ڕوودانی شەڕی گەورە لەگەڵ هەموو ئەو گرووپانەی تێوەگلاون.
هێزەكانی سووریای دیموكرات رای گەیاند، ئەگەر بڕیارە حكوومەت شەڕی بوێت، ئێمەش بەوپەڕی توانامانەوە ئامادەین.
لای خۆشیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، مەترسیی گەورەی لەسەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند: دۆخی ناوچەكە نزیكە لە قەومانی كارەساتی گەورەی مرۆیی.