سبەی یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە

:: PM:08:14:07/01/2026 ‌

پێشتر هاتە راگەیاندن كە لە كۆتای ئەم هەفتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ باسكردنی چەند پرسێكی گرنگ كۆ دەبنەوە، ئەندامێكی پارتی دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكە باسی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سوبحی مەندەلاوی توێژەری سیاسی و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەردوو حزب خەریكی كۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامن و رەنگە بگەن بە رێككەوتن، دووپاتی كردەوە كە پارتی گرنگییەكی زۆر بە بابەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، لەوكاتەی دواخستنێكی بەمەبەستی ئەو بابەتە لە لایەن یەكێتییەوە هەیە، ئەوەش بە نەرێنی كار لە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێم دەكات، بەتایبەتی لە سایەی قسەكانی باس لە پەككەوتنی پەرلەمان دەكەن و ئەوانەش دروست نین.

روونی كردەوە، دۆسیەی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق لە دۆسیە گرنگەكانە، پارتی سەرەڕای كاندیدكردنی فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، بەڵام خوازیارە كۆدەنگییەكی كوردستانی لەسەر یەك كاندید هەبێت، كە ئەو پۆستە بەركەوتەیەكی كوردستانییە و نابێت تایبەت بكرێت لە لایەنێك و كەس بۆخۆی قۆرخی بكات.

مەندەلاوی دووپاتی كردەوە هەردوو دۆسیەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم و پۆستی سەرۆك كۆمار بەیەكەوە گرێ دراون، بۆیە كۆبوونەوەی سبەی پێنجشەم گرنگە و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەكرێت كە ببێتە هۆی رێككەوتن لەسەر میكانیزمی دەنگدان لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق و هاوكات هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل