بڕیارە تا كۆتای ئەم مانگە سەرۆك كۆماری عێراق بێتە هەڵبژاردن، كە زیاتر لە 80 كاندیدی هەیە، لەوانە كاندیدانی پارتی و یەكێتی، هاوكات بڕیارە ئەو دوو حزبە بۆ رێككەوتن لەسەر كانیدێكی هاوبەش و یەكلاكردنەوەی پێش چوونە ناو پەرلەمان كۆ ببنەوە، دوای ئەوە دەبێت سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژ كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێرێت، شیعە جارێكی تر دەیانەوێ پۆستەكە یەكلا بكەنەوە.
بەپێی
سەرچاوە سیاسییەكان بڕیارە ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببنەوە، ئەوان لە چەند سەعاتی رابردوو كۆبوونەوەی جیاجیایان كردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئەو كۆبوونەوانەش وای پێویست كرد كە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی فرەوان ئەمشەو ساز بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكە.
بەپێی سەرچاوەكە ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوە لە ماڵی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس كۆ دەبنەوە و پێشبینییەكی زۆر هەیە ئەوان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران بگەن بە رێككەوتن.
دووشەمی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دانیشتنێكی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی لە بەغدا ساز كرد، وەك سەرچاوەكان باسیان كرد، ئاڵۆزی و بینە و بەردە بەسەر كۆبوونەوەكە زاڵ بوو، ئەوەش بەهۆی دەستگرتنی محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی بە پۆستەكە و سازش نەكردن بۆ یەكتر، ئەوەش وای كرد كە مالیكی چەند مەرجێك بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێكی نوێ لەوانەش سوودانی دیاری بكات، لەوانە سەرۆكایەتی نەكردنی لیستەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمان، تەنانەت نابێت خۆی كاندید بكات، بەڕێوەبەری نووسینگەكەی لە دەرەوەی هاوپەیمانی سەرۆك وەزیران بێت، جیا لە پێكهێنانی لیژنەیەكی چاودێری لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەناو نووسینگەی سەرۆك وەزیران و دیاریكردنی 100 رۆژ بۆ تاقیكردنەوەی كارەكانی حكوومەتی نوێ.