ئێستە عێراق بە قۆناغێكی گرنگ و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، خەریكی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتە، ئەمەریكا مەرجی سەختی بۆ پێكهێنانی ئەو حكوومەتە هەیە و ئێرانیش بە بەردەوام لەسەر خەتە و ئەوان دژبەیەك گوشار لە عێراق دەكەن، دوێنێ باسی هاتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس و گەیاندنی پەیامێكی ئێران بۆ بەغدا كرا، ئەمڕۆش كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق داوای لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی كرد.
دوێنێ هاوكات لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باسی هاتنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی میلیشیا و هێزە سیاسییە شیعەكان كرد، باڵوێزی ئێران لە بەغدا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی كرد و پەیامێكی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە بەغدا گەیاند، هەردوو بەرپرسە ئێرانییەكەی باسی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و دۆخی ناوچەكەیان كرد.
وەك
ماڵپەڕی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بڵاوی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم جوشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا چاوی بە وەزیری دادی عێراق كەوتووە و باسی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات و پاراستنی سەروەریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیركردنی ناوچەكەیان كردووە.
هاریس دووپاتی لە پێویستیی لێكهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق كرد، كە سەروەریی وڵاتەكە لاواز دەكەن و هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریكی و عێراقییەكان و سامانی عێراق تاڵان دەكەن.