کۆشکی سپی: داهاتی نەوتی ڤەنزوێلا دەچێتە گیرفانی ئەمەریکا

:: PM:09:15:07/01/2026 ‌
ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاری دا دەست بەسەر داهاتی نەوتی ڤەنزوێلادا بگرێت و ڕای گەیاند، پارەی فرۆشتنی نەوتەکە دەچێتە سەر هەژماری تایبەت بە ئەمەریکا، لە بەرانبەردا بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە هەڵدەپەسێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی کانوونی دووەمی 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، سەرجەم داهاتی نەوت و بەرهەمە پترۆڵییەکانی ڤەنزوێلا، سەرەتا دەخرێنە سەر ئەو هەژمارانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە بانکە نێودەوڵەتییەکان.

لیڤیت ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ "مسۆگەرکردنی شەرعییەت و دادپەروەرییە لە دابەشکردنی کۆتاییی داهاتەکە".

هاوکات وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، بەشێوەیەکی بژاردە و کاتی، سزاکانی سەر ڤەنزوێلا هەڵدەپەسێرن بۆ ئەوەی ڕێگە بە فرۆشتنی نەوتەکەی بدرێت، بەڵام دەبێت گواستنەوەی نەوتەکە بەپێی یاساکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی بێت.

ئەمەریکا نەوتەکەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە
بەهۆی ئەوەی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا خەستە، ئەمەریکا مادەی "توێنەرەوە" (نەوتی خاوی سووک) بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکات بۆ تێکەڵکردن و باشترکردنی کوالێتییەکەی، تا بۆ هەناردەکردن گونجاو بێت.

وەزارەتی وزە پلانی هەیە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە نۆژەن بکاتەوە و ڕێگە بە هاوردەکردنی کەلوپەل و پارچەی یەدەگ دەدات بە بەشداریی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان. لە پلانەکەدا گرنگیی تایبەت بە کەرتی کارەبا دەدرێت کە بە "داڕووخاو" وەسف کراوە و بەرهەمهێنان تێیدا زیاتر لە 30% کەمی کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود