لە گەڕەكێكی كەركووك خۆپێشاندانە

:: PM:09:34:07/01/2026 ‌

سەرچاوەیەكی ناوخۆیی لە شاری كەركووك ئاماژەی كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم خەڵكی گەڕەكی پەنجا عەلی خۆپێشاندانێكی شەوانەیان رێك خست و رێگە سەرەكییەكانی ناوچەكەیان داخست، ئەوەش وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بڕانی بەردەوامی كارەبای نیشتمانی. 

شایەنی باسە كێشەی كەمیی كارەبای نیشتمانی یەكێكە لە تەنگژە قووڵەكانی عێراق، كاتێك بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە بودجەكانی ئەو وڵاتە پارەیەكی زەبەلاح بۆ گرێبەست و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی كارەبا خەرج كراوە، كەچی لە 24 سەعات، تەنیا چەند سەعاتێك كارەبا هەیە، ئەوەش بەهۆی كۆنیی تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا و محاویلەكان، جیا لە كێشەی كەمیی سووتەمەن، كە تا ئێستە بە هۆكاری سیاسی و نێودەوڵەتییەوە نەتوانراوە دابین بكرێت.

بەپێی سەرچاوەكە ناڕەزاییكاران تایەیان لەناوەڕاستی رێگەكان سووتاند و رێگەكانیان داخست، وەك دەربڕینی توڕەیی بەرانبەر بە خراپیی كارەبای نیشتمانی و بڕانی بەردەوامی، ئەسعەد خورشید هاووڵاتییەكی ئەو گەڕەكەیە دەڵێت، ماوەیەكە ناوچەكە بەدەست بڕانی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش نەهامەتییەكی گەورەی بۆ دانیشتووانی دروست كردووە، بەتایبەتی بۆ منداڵ و نەخۆش و بەتەمەنداچووەكان، ئەو ناڕەزایەتییە دوای پشتگوێخستنی لایەنی پێوەنیدار بۆ سكاڵاكان بووە.

لای خۆیەوە یووسف عومەر هاووڵاتییەكی تری ناوچەكە گوتی، خەڵكەكە دوای نەمانی ئارامیان پەنایان بۆ خۆپێشاندان و داخستنی رێگەكان برد، مەبەستی ناڕەزاییەكە ئاشتییانە و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتییانە بۆ لایەنی پێوەندیدار، ئێستەش داوا لە حكوومەتی ناوخۆیی و بەڕێوەبەرایەتی كارەبا دەكەین بۆ چارەسەركردنی بەپەلەی كێشەكە.

ئەمە و هێزە تەناهییەكانی كەركووك لە ناوچەكە ئامادە بوون و دواتر رێگەكان كرانەوە و دۆخەكە هێور بووەوە، بێ دروستبوونی بەریەككەوتن لەگەڵ خەڵكە ناڕازییەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل