میدڵ ئیست مۆنیتەر: ئێران لە ناوچەکە دۆڕاندوویەتی و دەیەوێت عێراق بپارێزێت

:: PM:11:28:07/01/2026 ‌
ڕاپۆرتێکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، تاران عێراق بە "بەردی بناغە"ی هەژموونی هەرێمیی خۆی دەزانێت، بەتایبەت دوای ئەو پاشەکشەیەی لە بەرەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی بووە، بۆیە بە چڕی دەستوەردان لە پێکهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی کانوونی دووەمی 2026، ماڵپەڕی "میدڵ ئیست مۆنیتەر"ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، پرسی هەژموونی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ سەنتەری گفتوگۆکان، ئەمەش دوای ئەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیامێکی لە عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێ گەیشت، کە پەیوەست بوو بە گواستنەوەی دەسەڵات و قۆناغی دوای هەڵبژاردن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، سەرەڕای بەکارهێنانی دەستەواژەی دیپلۆماسی، بەڵام ناوەڕۆک و کاتی نامەکە گومانی ئەوەی دروست کردووە کە تاران دەیەوێت ئاراستەی هاوپەیمانییە پەرلەمانییەکان بگۆڕێت و تای تەرازوو بەلای لایەنە نزیکەکانی خۆیدا بشکێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران هەست بە مەترسی دەکات چونکە هەژموونی لە شوێنەکانی تر لاواز بووە، بۆیە دەیەوێت ئەو پێگەیەی لە عێراق هەیەتی بیپارێزێت.

ترسی سوننە و کورد
ماڵپەڕە بەریتانییە ئاماژەی بەوە داوە، لایەنەکان هۆشداری دەدەن لەوەی دەستوەردانی دەرەکی، کەلێنی نێوان شیعەکان لە لایەک و سوننە و کورد لە لایەکی تر قووڵتر دەکاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم پێکهاتانە ترسێکی زۆریان هەیە لەوەی ببنە قوربانیی ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق دەکرێت، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە دێتە سەر دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان و وەزارەتە هەستیارەکان.

میدڵ ئیست مۆنیتەر لە کۆتاییدا دەڵێت، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا هێزە عێراقییەکان دەتوانن ڕێککەوتنێکی ناوخۆییی سەربەخۆ بکەن، یان دەستوەردانی دەرەکی کە ئێران سەرکردایەتیی دەکات، جارێکی تر نەخشەی سیاسیی عێراق دەکێشێتەوە؟


وشە - پۆڵا مەحموود