نووسەرێكی دیاری كورد لەبارەی شەڕەكەی حەلەبەوە نووسیویەتی، ئەگەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، كۆمەڵێ هێز و دەوڵەت و تەوژمی ناوچەكە كوردیان بەوە تۆمەتبار كردبێت كە سەرقاڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا ئێستە بەكردەوە هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە و كراوە بە ئیسرائیلی یەكەم و وەك مەترسیی یەكەم باسی دەكەن.
ئەبوبەكر كاروانی لەبارەی شەڕەكەی حەلەبەوە گوتارێكی لە ژێر ناوی "كورد لە ئیسرائیلی دووەمەوە بۆ ئیسرائیلی یەكەم " نووسیوە، تێیدا باس لە رێككەوتنە نوێیەكەی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل دەكات .
كاروانی دەڵێت: پەلامارەكەی ئێستەی سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، جارێكی تر لە ڕووی زۆر كەس و هێز و دروشم و دەوڵەت و لافلێدانی ئایدۆلۆجی بە ئیسلام رووكەشكراوی هەڵماڵی. چونكە دوێنێ هەر دوای راگەیاندنی بەرەنجامی دانیشتنە هاوبەشەكەی نێوان سووریا و ئەمەریكا و ئیسرائیل لە پاریس، سازشكردنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هاوپەیمانەكانیان بۆ ئیسرائیل كە هێشتا زیاتری دەوێت بەداخەوە، پەلاماردانی كوردەكانی حەلەب دەستی پێ كرد.
ئەو نووسەرە باسی لەوەش كردووە، ئەگەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، كۆمەڵێ هێز و دەوڵەت و تەوژمی ناوچەكە كوردیان بەوە تۆمەتبار كردبێت كە سەرقاڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا ئێستە بەكردەوە هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە و كراوە بە ئیسرائیلی یەكەم.
كاروانی دەڵێت: لەسەر حیسابی كورد و ماف و ئازادی و كەرامەتی ئەم گەلە، ئەحمەد شەرع و ئەوانی تریش سەرقاڵی ڕازیكردنی ئیسرائیل و وەڵامدانەوە بەخواست و داواكارییەكانی ئەون.
لە درێژەی نووسینەكەیدا كاروانی ئەوەشی گوتووە، "رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن، بۆ ئەوەی دەستیان كراوە بێت بۆ لێدانی كورد".
هاوكات ئەوەی بۆ نووسەر سەیرە ئەوەیە كە لە هەمان كاتدا كورد بە دەست تێكەڵاوكردن و هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتبار دەكەن، هەر ئەوەش دەكەنە پاساوێكی تری خوێنڕێژی و فەرامۆشكردنی هەموو داخوازییەكانی لایەنی كوردی، كە تا ئێستەش سنووری یەكپارچەیی خاكی هیچ وڵاتیكی تێنەپەڕاندووە، لە داخوازییەكی موتەوازیعانەی وەك لامەركەزی و فیدراڵی و دداننانی دەستووریی بەناسنامە و زماندا خۆی دەبینێتەوە.
"لە روویەكی تریشەوە كە گۆشەیەكی تری مەرگەساتی كورد و مەیدانێكی شكستخواردنی هەندێ دروشمی ئیسلامیی هاوچەرخمان بۆ دەخاتە روو، دەوڵەتی سووریا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هەموو قسەكردنێك لەبارەی دۆخی ئێستەی حەلەب دەبێت لە سەروەری دەوڵەت و یەكپارچەیی خاكەكەیەوە دەست پێ بكات. واتە ئەو دوو بنەمایەی دەوڵەتی نوێ، پێوەرن بۆ دیاریكردنی (هەق) و (ناهەق) و (ستەم) و (دادپەروەری)، دیاریكردنی سروشتی پێوەندییەكان و ماف و ئازادی و بەشداریی پێكهاتەكان، نەك (ئیسلام) و (شەریعەتی ئیسلامی". ئەبوبەكر كاروانی وادەڵێـت.
بەبڕوای كاروانی ئەوەش ڕاستییەكی تاڵمان بۆ دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە لە كاتێكدا هەندێ هێز و گرووپی ئیسلامی باسی ناڕەوایەتی سنوورە دەستكردەكانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەورووژێنن، دروشمی یەكێتیی ئومەت و خاكی مسوڵمانان بەرز دەكەنەوە، دژایەتیی خۆیان بۆ نەتەوایەتی دەردەبڕن و بە هۆكاری ناكۆكی نێوان گەلانی مسوڵمان دەزانن و پێناسە دەكەن، هەر هێندەی لە چوارچێوەی یەكێك لە دەوڵەت نەتەوەكاندا گەیشتنە دەسەڵات، بە ددان و نینۆك پارێزگاری لەو سنوورە دەستكردانە و لۆجیكی قەوارە نێودەوڵەتییەكە دەكەن، با لە چوارچێوەی پەیماننامە كۆڵۆنیالیستییە نێودەوڵەتییەكانی هاوشێوەی سایكس بیكۆشدا دیاری كرابن و كێشرابن.
نووسەر پێی وایە ئەمانە ئەگەر جیاوازییەكیشیان لەگەڵ ناسیۆنالیستە سكیۆلارەكانی پێش خۆیاندا هەبێت، جەوهەریی نابێت، یەكسان نابێت بە ڕەخنەیەكی ڕاستەقینەی ئەخلاقیی لەم دەوڵەتە، بەتایبەتیش كاتێك دەگۆڕێت بە چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی و سیاسی و یاسایی بۆ جینۆساید و سەركوت و جیاكاری و نایەكسانی. وەك هەر نەتەوەیەكی سكیولاری تریش، سەروەری دەوڵەت و یەكێتیی خاك و سنووری فەرمی و زۆر شتی تری دەوڵەتی نوێ، لە ئاستە سیاسییەكەدا، بەكردەوە جێگەی (خوا) و (ئیسلام) و (شەریعەت) دەگرنەوە. خۆ ئەگەر لە پێگەی دەسەڵاتەوە باسێك لە ئومەتی ئیسلامی و هاوچارەنووسی مسوڵمانانیش بكەن، دیسانەوە بەپلەی یەكەم وەك ئامرازێكی سیاسەتی دەرەكی خۆیان بەكاری دەهێنن و دەیخەنە خزمەت ستراتیجەكانی دەسەڵات و وڵاتەكانیانەوە.
لە كۆتاییدا كاروانی دەڵێت: بۆیە زۆر گرنگە مسوڵمانی كورد بەگشتی و ئیسلامخوازی كورد بەتایبەتی، ئەم بەڵگە نەیویستە تاڵەی واقیعی مێژووی هاوچەرخیان لە بەرچاو روون بێت، بێ هیچ دوودڵییەك لە سەنگەری بەرژەوەندیی نەتەوە بێبەشكراوە ستەملێكراوەكەی خۆیاندا بەناسنامەی ئەخلاقی خۆیانەوە، لە پێناو رزگاری و سەرفرازی گەلەكەیاندا، درێژە بە تێكۆشانی خۆیان بدەن و دۆخی پلە دوویی و رەش و رووتیی رەت بكەنەوە.