لە ماوەی ئەم هەفتەیە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەكان و فەرماندەی میلیشیاكان كۆ بووەوە، سەردانێكی كتوپڕ و كورت بوو، بەڵام لە كاتێكی زۆر هەستیار هات، كە عێراق خەریكی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتەكەیەتی و دۆخی ناوخۆیی ئێران لە تەقینەوەدایە و ئەگەری هێرشێكی تر بۆ سەر ئێران هەیە.
چەند
سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە گوتیان، لە سەردانەكەی بۆ بەغدا و دیدارە كورتەكانی لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكان، قائانی سەرنجی خستە سەر بابەتێكی سەرەكی، ئەویش رێگرتن لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكە و كۆنترۆڵكردنی جموجۆڵی میلیشیاكان لە قۆناغی داهاتوو، نەك هاندانیان بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە یان خۆسازدانێكی پێشوەختە عێراق بخاتە ناو گۆڕەپانی بەریەككەوتن بەر لە بڕیاری كۆتایی ئێران.
روونی كردەوە، قائانی بە نهێنی گەیشتە بەغدا و چەند كۆبوونەوەیەكی دیاریكراوی دوور لە سەركردە سیاسییەكان ئەنجام داوە و تەنیا چاوی بە فەرماندە مەیدانییەكان كەوتووە، بۆیە سەردانەكە مۆركێكی تەناهی پێوە بووە نەك سیاسی، بەپێی سەرچاوەكان ئێران نایەوێ ئێستە بەرەیەكی هەرەمەكیی رووبەڕووبوونەوە لە عێراق بكاتەوە و وەك كارتێكی هەڵگیراو بیهێڵتەوە، واتە تەنیا ئەوكات بەكاری دێنێت كە ئێران پێویستی پێ بێت، دەبێت میلیشیاكان خۆیان لە هێرشی ناڕێكخراو لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەدوور بگرن.
قائانی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا باسی چەكی میلیشیاكانی كردووە، ئەوەش لە سایەی زیادبوونی گوشارەكانی ئەمەریكا و نێودەوڵەتی بۆ داماڵینی چەكی ئەوان، باسی ئەو دابەشبوونەی كردووە كە لە عێراق بەو هۆیەوە دروست بووە، قائانی رەتی كردووەتەوە بەو هۆیەوە میلیشیاكان هێرش بكەنە سەر یەكتر، چونكە لاوازیان دەكات، ناشبێت بەیاننامەی هەرەمەكی دەربكەن و خۆیان لە پەرەسەندنی میدیایی كۆنترۆڵنەكراو بەدوور بگرن، ئێران دەیەوێ میلیشیاكانی عێراق تەنیا فاكتەری هاوسەنگی و گوشارێكی هەڵگیراو بن و سەربەخۆ كار نەكەن و چاوەڕوانی پەرەسەندنەكانی دۆخی ناوچەكە و رێنوێنییەكانی تاران بن.