دەزگای خێرخوازیی بارزانی بانگەوازێک بڵاو دەکاتەوە

:: PM:09:02:08/01/2026 ‌
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هۆشداری لە دۆخی مرۆییی حەلەب دەدات و ئاشکرای دەکات، بەهۆی شەڕەوە 22 هەزار خێزان ئاوارەی عەفرین بوون، بۆیە هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی ڕادەگەیەنێت و داوای پشتیوانی دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بانگەوازێکدا ڕای گەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شاری حەلەب دەڕوانن، کە بووەتە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵک.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە دەزگاکە بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی گرژییەکانی حەلەبەوە تا ئێستە 22 هەزار خێزان ئاوارە بوون و ڕوویان لە شاری عەفرین کردووە.

لەوبارەیەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیاری داوە لە ڕێگەی ئۆفیسەکەیان لە عەفرین، هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ئاوارانە دابین بکات.

دەزگاکە بانگەواز لە ئاژانسەکان، ڕێکخراوەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خێرخوازانی هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی دەکات، هاوئاهەنگی و پشتیوانییان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەننە لێقەوماوانی حەلەب.


وشە - پۆڵا مەحموود