هێزی دەریاییی ئیسرائیل تەقەی لە کەشتییەکی جەنگیی میسر کرد

:: PM:09:49:08/01/2026 ‌
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، هێزی دەریاییی ئەو وڵاتە تەقەی لە کەشتییەکی جەنگیی میسری کردووە دوای ئەوەی سنووری ئاویی کەرتی غەزەی بەزاندووە و ناچاریان کردووە بگەڕێتەوە.

ئەمشەو پێنجشەم هەشتی کانوونی دووەمی 2026، کەناڵی "13"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، کەشتییەکی جەنگیی میسر لە نیمچە دوورگەی سیناوە دەرچووە و چووەتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی غەزە، کە ناوچەیەکی قەدەغەکراوە بۆ کەشتیوانی.

بەپێی زانیارییەکان، دوای دەستنیشانکردنی کەشتییەکە، کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە بنکەی دەریاییی "ئەشدۆد"ەوە جووڵێنراون و داوایان لێ کردووە بگەڕێتەوە، بەڵام بەردەوام بووە لە پێشڕەوی، بۆیە هێزەکانی ئیسرائیل تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لێ کردووە و دواجار کەشتییە میسرییەکە ئاراستەکەی گۆڕیوە و گەڕاوەتەوە.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕووداوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، هێزەکانیان بەپێی ڕێکارەکان مامەڵەیان کردووە.

سەرچاوەکانی سوپای ئیسرائیل بە کەناڵەکەیان ڕاگەیاندووە، لایەنی میسری بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووداوەیان لە ئەستۆ گرتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود