پەیامێکی بەپەلە لە نێردراوی ترەمپەوە بۆ هەسەدە و دیمەشق: دەستبەجێ شەڕی حەلەب ڕاگرن

:: PM:10:45:08/01/2026 ‌

نێردراوی تایبەتیی ئەمەریکا بۆ سووریا، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لەبارەی ڕووداوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب دەربڕی و ڕای گەیاند، هەفتەی ڕابردوو زۆر نزیک بوون لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریا، بۆیە داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات.

ئەمشەو پێنجشەم هەشتی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک نێردراوی تایبەتیی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ڕای گەیاند، ئەمەریكا لە نزیکەوە و بە نیگەرانیی قووڵەوە چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەکات.

باراک داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن پێشان بدەن و پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و موڵک و ماڵیان بخەنە سەرووی هەموو ئیعتیبارێکەوە.

دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل و ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە
نێردراوەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە کە لە 13 مانگی ڕابردوودا، سووریا هەنگاوی مێژوویی ناوە. ئەو دەڵێت، ئەو گفتوگۆ مێژووییانەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ئەنجام دران، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاشتییەکی هەرێمیی فراوانتر.

لەبارەی دۆسیەی کوردیشەوە، تۆم باراک ئاشکرای کردووە، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، ئێمە لە لێواری واژووکردنی ڕێککەوتنی یەکخستن (التکامل) بووین لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حكوومەتی سووریا لە 10ی ئاداری 2025، کە دەبووە هۆی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی تەناهی و حوکمڕانیی هاوبەش.

ناوبراو دووپاتی کردووەتەوە کە هێشتا ئەم ئامانجە بەتەواوی دەکرێت بەدی بێت.

پەیامێک بۆ هەسەدە و دیمەشق
نێردراوی ئەمەریکا پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرکردایەتیی حكوومەتی سووریا، هەسەدە، دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە ناوچە کوردییەکان و لایەنە چەکدارەکان کردووە و دەڵێت، "کارە دوژمنکارییەکان ڕاگرن و دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە".

هەروەها هۆشداریی داوە کە دەبێت ناوچەکە لە دژی "هێزە تێکدەرە دەرەکییەکان و بریکارەکانیان" یەکگرتوو بێت، کە دەیانەوێت ئەو پێشکەوتنەی ساڵی ڕابردوو تێک بدەن و میراتی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ لەناو ببەن.

لە کۆتاییدا هاتووە، لاپەڕەی نوێ لە سووریا، لاپەڕەی هاوکارییە نەک ڕووبەڕووبوونەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود