دۆلار بۆ سێیەم ڕۆژ بەرز دەبێتەوە

:: AM:09:44:09/01/2026 ‌

دۆلاری ئەمەریکی لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد، لە کاتێکدا بازاڕەکان چاوەڕوانی ڕاپۆرتی هەلی کار و بڕیارێکی دادگای باڵای ئەمەریکا دەکەن سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باج.

ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، پێنوێنی دۆلار کە پێوانەی بەهای دراوەکەیە بەرانبەر شەش دراوی سەرەکی، بە ڕێژەی 0.2% بەرز بووەوە و گەیشتە 98.883 خاڵ، بەمەش بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

بازاڕەکان بە وریاییەوە چاوەڕوانی دوو ڕووداوی گرنگ دەکەن:
1. ڕاپۆرتی هەلی کار: بڕیارە ڕاپۆرتی هەلی کاری کەرتی تایبەت بۆ مانگی کانوونی یەکەم بڵاو بکرێتەوە، کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندی دەبێت. ئێستە پێشبینییەکان بە ڕێژەی 89% ئەوەن کە بانکی فیدراڵی لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەدا نرخی سوود دەستکاری ناکات.

2. بڕیاری دادگای باڵا: چاوەڕوان دەکرێت دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیار بدات کە ئایا ترەمپ دەتوانێت یاسای "دەسەڵاتە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان" بەکار بهێنێت بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس؟ ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، سیاسەتی بازرگانیی ئەمەریکا تووشی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و پشێوی دەبێت.

دۆخی دراوەکانی تر و کریپتۆ:
یەن: دۆلار بەرانبەر یەنی ژاپۆنی بە 156.885 جێگیر بووە.
یۆرۆ: بە 1.1657 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و چاوەڕوانی داتاکانی ئەڵمانیا و ئەوروپایە.
پاوەند: بە ڕێژەی 0.1% دابەزیوە بۆ 1.3436 دۆلار.
بیتکۆین: بە ڕێژەی 0.2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 91 هەزار و 2 دۆلار.
ئیسریۆم: بە ڕێژەی 0.4% دابەزیوە بۆ سێ هەزار و 104 دۆلار


وشە - پۆڵا مەحموود