ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە شاری حەلەب دەکات و ڕای دەگەیەنێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی ماوەی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە و نەبێتە کاتی.
ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا ڕای گەیاند، ئەمەریكا بە گەرمی پێشوازی لەو ئاگربەستە کاتییە دەکات کە شەوی ڕابردوو لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب پێی گەیشتوون.
باراک سوپاسی لایەنەکان و دەسەڵاتی خۆجێیی و ڕیشەسپییانی ناوچەکەی کردووە بۆ ئەو "ددانبەخۆداگرتن و نیازپاکی"ـیەی هەیانبووە، کە بووەتە هۆی بەدیهاتنی ئەم ئاگربەستە گرنگە.
باراك ئاماژەی بەوە داوە، ئەم ئاگربەستە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاراستەکردنی ڕێڕەوە جیاوازەکانی سووریا و وڵاتانی دراوسێ بەرەو ئاسایش و ئاشتیی هەمیشەیی، هەرچەندە هەندێک بەربەست دەردەکەون، بەڵام هاوکاری باشترین بژاردەیە لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە.
تۆم باراک دووپاتی کردووەتەوە، بە چڕی کار دەکەین بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و ڕۆحی لێکگەیشتن بۆ دوای وادەی دیاریکراو.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕاگرتنی شەڕی لە سێ گەڕەکی حەلەب ڕاگەیاندبوو، وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە خولی نوێی شەڕ لە نێوان هێزەکانی حكوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).