ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر خۆپێشاندانەکان و هەڕەشەکانی واشنتن، هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمەریکا و بە "بەکرێگیراو" وەسفی ئەو کەسانە دەکات کە موڵکی گشتی تێک دەدەن.
ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی دۆخی وڵاتەکەیەوە ڕای گەیاند، گەلی ئێران بەکرێگیراوی و کەسانی بەکرێگیراو ڕەت دەکاتەوە، ئەوانەی ئاژاوە دەنێنەوە و موڵکی گشتی تێک دەدەن، تەنیا دەیانەوێت بەو کارەیان دڵی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن.
خامەنەیی پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی، داوا لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم سەرنجی لەسەر کێشەکانی وڵاتەکەی خۆی بێت، ئەو پیاوەی بانگەشەی ئەوە دەکات وەک باوکێکە بۆ گەلی ئێران، دڵنیام بەشێوەیەکی مەترسیدار دەڕووخێت و دەکەوێت.
ڕێبەری ئێران بیرهێنانەوەی بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو کرد و دووپاتی کردەوە، دەستی ئەمەریکا بە خوێنی هەزاران هاووڵاتیی ئێران سوورە کە لە جەنگە 12 ڕۆژییەکەدا شەهید بوون.
لە کۆتاییدا خامەنەیی داوای لە گەلی ئێران کرد ڕیزەکانیان یەک بخەن بۆ ئەوەی بەسەر دوژمناندا سەربکەون و یەکێتیی خۆیان بپارێزن.